ئەو دەرمانانە چین کە کارلێک دەکەن لەگەل بەرهەمە شیرەمەنیەکان
ئەو دەرمانانەی کە دەتوانن کارلێک لەگەڵ بەرهەمە شیرەمەنیەکان بکەن
بەرهەمە شیرەمەنیەکان(وەک شیر و ماست و ئایسکرێم...) کاتێک لەگەڵ هەندێک دەرمان بەکاردەهێنرێن، دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر چۆنیەتی کارکردنی دەرمانەکە لە جەستەتدا یان هەڵمژینی لەلایەن جەستەتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەمە دەتوانێت دەرمانەکە کەمتر کاریگەر بکات
بەڵام ناکرێت تەنها لەبەر ئەوەی دەرمانێک کارلێک لەگەڵ بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەکات، مانای ئەوە بێت کە هەرگیز نەتوانرێت بەرهەمێکی شیرەمەنی وەربگیرێت. لە زۆر حاڵەتدا، تەنها پێویست بە جیاکردنەوەی ژەمی دەرمانەکە دەکات لە شیرەمەنیەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ڕێگریکردن لە کارلێکەکە.
باوترین ئەو دەرمانانەی دەتوانن کارلێک لەگەڵ بەرهەمە شیرەمەنیەکان و خۆراکە بەهێزەکانی تری کالیسیۆمدا بکەن
١. Tetracycline antibiotics دەرمانی دژە زیندەیی تێتراسایکلین
وەک دەرمانی
(Tetracycline, Doxycycline )
پۆلێکە لە دژە زیندەییەکان کە چارەسەری جۆرەها هەوکردن دەکەن، وەک هەوکردنی پێست. بە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بەکتریا کاردەکەن
کالیسیۆمی ناو شیرەمەنی دەتوانێت بە تێتراسایکلینەکانەوە ببەسترێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵمژینی دەرمانەکە دەبێت
٢. Fluoroquinolone antibiotics دەرمانی دژە زیندەیی فلۆرۆکوینۆلۆن
وەک دەرمانی
(Levofloxacin, ciprofloxacin, Moxifloxacin )
پۆلێکە لە ئانتیبایۆتیکەکان کە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان و کۆئەندامی میز بەکاردەهێنرێن. هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بەکتریا کاردەکەن
کالیسیۆمی ناو شیرەمەنی دەتوانێت بە دەرمانی گروپی فلۆرۆکوینۆلۆن ببەسترێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەڵمژینی دەرمانەکە دەبێت
ئەمەش واتە لەوانەیە هەوکردنەکە بە شێوەیەکی کاریگەر یان بە تەواوی چارەسەر نەکرێت
٣. Bisphosphonates بیسفۆسفۆناتەکان
وەک دەرمانی
(risedronate, alendronate, ibandronate)
پۆلێکی دەرمانن کە بەکاردەهێنرێن بۆ یارمەتیدانی ڕێگریکردن یان چارەسەرکردنی لەدەستدانی ئێسک لە حاڵەتەکانی وەک لاوازبوونی ئێسکەکان و پووکانەوەی ئێسک (ئێسکی لاواز و شکاو).
خۆراک، لەوانەش بەرهەمە شیرەمەنیەکان، دەتوانن کاریگەری لەسەر چۆنیەتی هەڵمژینی بیسفۆسفۆنات لە جەستەهەبێت و ڕێگری لە هەڵمژینی دەرمانەکە بکات.
٤. Iron supplements تەواوکەری خۆراکی ئاسن
ئاسن کانزایەکی گرنگە کە پێویستە بۆ ئەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنت ئۆکسجین بگوازنەوە بۆ هەموو جەستەت. زۆربەی خەڵک توانای ئەوەیان هەیە لە خۆراکەکانیان بەشی پێویست بەدەست بهێنن. بەڵام ڕەنگە هەندێکی تر مەترسی ئەوەیان لەسەر بێت کە ئاستی ئاسنیان زۆر کەم دەبێتەوە، دەتوانن بەشێوەی تەواوکەری خۆراکی ئاسن وەربگرن
کالیسیۆمی ناو بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەتوانێت ڕێگری بکات لە هەڵمژینی زۆرترین ئاسن لە ژەمە دەرمانەکەدا. هەر بۆیە باشترە لانیکەم ٢ کاتژمێر چاوەڕێ بکرێت دوای خواردنی بەرهەمە شیرەمەنیەکان پێش ئەوەی تەواوکەری ئاسنەکە وەربگیرێت
٥. Thyroid medications(Levothyroxine) دەرمانی نەخۆشییەکانی غودە
هۆرمۆنەکانی ثایرۆید یارمەتی ڕێکخستنی چۆنیەتی بەکارهێنانی وزەی جەستەت دەدەن و دەتوانێت کاریگەری بەنزیکەی لەسەر هەموو ئەندامێک هەبێت. کەمبوونەوەی غودەی دەرەقی حاڵەتێکە کە ڕژێنی غودەی دەرەقیت هۆرمۆنی غودەی دەرەقی بەشی پێویست دروست ناکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەستەت. لەم حاڵەتەدا دەتوانرێت دەرمان بنووسرێت کە یارمەتی دەربێت لە گۆڕین و ئاساییکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی
وەکو دەرمانی لیڤۆثایرۆکسین
هەموو دەرمانەکانی ثایرۆید پێویستە بە گەدەی بەتاڵ بخورێت. بەڵام بە تایبەتی دەرکەوتووە کە لیڤۆثایرۆکسین کارلێک لەگەڵ بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەکات، ئەمەش لە ئەنجامدا وادەکات هۆرمۆنی ثایرۆیدی پێویست لە ژەمە دەرمانەکەوە بەدەست نەهێنرێت
ئامادەکردنی:
باخان هیوا
مامۆستای یاریدەدەری تاقیگە